وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت فەرماندەی ئاسایشی تورکی و ئێرانی ڕێکەوتوون لەسەر درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ ماوەیەک.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی عارف چەتین فەرماندەی هێزەکانی جەندرمە و قاسم ڕەزائی فەرماندەی هێزەکانی سنووری ئێران لە پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنیدا ڕێکەوتوون و تاووتوێی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان کردووە.
پاشان لە پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی دیکەدا هەردوو جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا و ئێران ستایشی ڕێکەوتنەکە و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوانیان کردووە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پـێشتر هەر لەم هەفتەیە گوتی وڵاتەکەی و ئێران پـێکەوە ئۆپەراسیۆنی لەشکری هاوبەش لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام دەدەن، بەڵام سەرچاوەیەکی ئێرانی گوتی وڵاتەکەی بەشێک نەبووە لە ئۆپەراسیۆنەکە.