ڕۆژنامەی جمهوریەتی تورکی سەر بە ئۆپـۆزسیۆن دەڵێت چایچی ئۆفیسەکەی لە ئستەنبوڵ خراوەتە زیندان بە تاوانی سووکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار.
ڕۆژنامەکە ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند شەنۆل بوران لە لایەن پـۆلیسەوە دەسـتگیرکراوە بە تاوانی ئەوەی گوتویەتی ئەگەر بێت و ئەردۆغان سەردانی ئۆفیسی ڕۆژنامەکە بکات، ئەوا چای پـێشکەش ناکات.
ئوزگەر ئورفا پارێزەری شەنۆل بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی گوت شەوی شەممە پـۆلیس چووەتە سەر ماڵی شەنۆل و دەسـتگیریان کردووە. پاشان دادوەر بڕیاری داوە بخرێتە زیندانەوە.
بەپـێی پـۆلیسێـکی پاسەوانی ئۆفیسی ڕۆژنامەکە، شەنۆل ئەم قسەیەی کردووە کاتێـک ڕۆژێـک کە بەرەو کارەکەی هاتووە و بینیویەتی جادەکانی دەوروبەری ئۆفیسی ڕۆژنامەکەیان گیراون لەو کاتەی ئەردۆغان لە ناوچەکە وتارێـکی پـێشکەش دەکرد.
ئەگەربێت و دادگا بڕیار بدات ئەوەی گوتویەتی سووکایەتیـیە بە سەرۆک کۆمار، ئەوا ڕەنگە هەتا 4 ساڵ زیندانی بکرێت. شەنۆل ڕەتیکردووە سووکایەتی بە سەرۆک کۆمار کردبێت، بەڵام نکوڵی نەکردووە لەوەی گوتویەتی چا پـێشکەشی ئەردۆغان ناکات.
جێی ئاماژەیە ڕۆژنامەی جمهوریەت کە لایەنگری پارتی چەهەپەی ئۆپـۆزسیۆنی سەرەکی تورکیایە ، مانگی ڕابردووش سەرنووسەر و ژمارەیەک لە ڕۆژنامەوانەکانی دەسـتگیرکران.