دادگایەکی تورکیا بڕیاری داوە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پـێشووی هەدەپەی ئازادبکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی زیندانیکراوە بە تۆمەتێکی دیکە لە زیندان دەهێڵرێتەوە.
ئاژانسی دەنگوباسی فڕانسی پـرێس دەڵێت یەکێک لە پارێزەرانی دەمیرتاش گوتویەتی دادگای سینجانی نزیک ئەنکەرە ئەمڕۆ دووشەممە لە دانیشتنێکدا کە دەمیرتاش تیایدا ئامادەنەبوو، بڕیاری ئازادکردنی دا.
دەمیرتاش تۆمەتبارکراوە بە ڕێبەرایەتیکردنی ڕێکخراوێکی تێرۆرستی و پـرۆپاگەندە بۆ تێرۆر و هاندانی خەڵکی بۆ ئەنجامدانی تاوان. لە مانگی یازدەی ساڵی 2016 لەسەر ئەو تۆمەتانە دەستگیرکرا. ئەگەر ئەو تۆمەتانەی بەسەردا بسەلمێنرێت، ئەوا بۆی هەیە هەتا 142 ساڵ زیندانی بکرێت.
ڕەمەزان دەمیر پارێزەری دەمیرتاش بە فڕانس پـرێسی گوت هێشتا نازانرێت کەی دەمیرتاش لە زیندانی ئەدرنە لە باکوری ڕۆژئاوای تورکیا ئازاد دەکرێت. پـێشتر لە مانگی یازدەی ساڵی 2018 بە تۆمەتی پـرۆپاگەندە بۆ تێرۆر حوکمی 4 ساڵ و هەشت مانگ زیندانی درا.