دادگایەکی تورکیا بڕیاری زیندانیکردنی 2 چیکی دەدات بە تۆمەتی ئەندامێتی یەپەگە

وەزیری دەرەوەی چیک مەخابەنی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر بڕیاری دادگایەکی تورکیا بۆ زیندانیکردنی 2 هاوڵاتی چیکی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە هێزەکاتی پاراستنی گەڵ (یەپەگە).

لوبۆمیر زاورالیک ئەمڕۆ چوارشەممە ئەمەی بۆ میدیاکان ڕاگەیاند و گوتی وەزارەتەکەی هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات تاوەکو مسۆگەری بکات پـیاداچوونەوە بە بڕیاری دادگاکە بە شێوەیەکی گونجاو ئەنجام دەدرێت.

دادگایەکی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیاری دا هەریەک لە میرۆسلاڤ فارکاس و مارکیتا ڤسێلیچۆڤا بۆ ماوەی 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانی بکرێن، ئەمەش بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوێـکی تێرۆرستیدا. کاربەدەسـتانی چیک ڕەتی دەکەن ئەم 2 هاوڵاتیـیەیان تێرۆرستبن کە بۆ شەڕی دژی داعش پەیوەندیـیان بە یەپەگەوە کردووە.

لە 13 ی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو ئەم دوو هاوڵاتیـیە چیکیـیە کە یەکێـکیان ژنە، لەو کاتەی هەوڵیان دابوو لە ناوچەی شرنەخەوە بەرەو هەرێمی کوردستانی عێراق بپەڕنەوە لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە دەسـتگیرکران.