کاربەدەسـتانی تورکیا دەڵێن ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک بارەگای پـۆلیس لە ناوچەی جزیرەی پارێزگای شرناخ لە باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 11 پـۆلیس کوژراون و 78 ی دیکە برینداربوون.
تەقینەوەکە ئەمڕۆ هەینی لە نزیک بارەگای گشتی پـۆلیس و پـۆلیسی دژە ئاژاوە ڕوویداوە کە بە ئۆتۆمبیلێـکی بارهەڵگر ئەنجامداربوو.
ڕەجەب ئاکداج وەزیری تەندروستی تورکیا دەڵێت 4 لە بریندارەکان باری تەندروسـتیان لە مەترسیدایە.
ڤیدیۆی ئاژانسەکانی هەواڵ نیشانی دەدەن زیانێـکی مادی زۆریشی لێکەوتووەتەوە و بینایەکی سێ نهۆمی وێران بووە و دەرگا و پەنجەرەی بیناکانی دەوروبەریشی هاتوونەتە دەرێ.
پاش تەقینەوەکە دوو هەلیکۆپـتەر بە ئاسمانی ناوچەکە سوڕاونەتەوە و هێزەکانی ئاسایش گەمارۆی ناوچەکەیان داوە و ئەمبوڵانسێـکی زۆر بەرەو شوێنی تەقینەوەکە ڕۆیشتوون.
پارتی کرێکارانی کوردسـتان بەرپـرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە ڕاگەیاند و دەڵێت دەیان پـۆلیس بەهۆیەوە کوژراون.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بە توندی هێرشەکەی سەرزەنشتکرد و گوتی لەم کاتەی وڵاتەکەی شەڕی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان دەکات لە ناوەوە و دەرەوە ئەم هێرشە کراوە. گوتیشی ئەمە وەهایان لێدەکات زیاتر سووربن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی دەیانەوێت سەقامگیری وڵاتەکەیان تێـکبدەن.
هەروەها بنعەلی یەڵدرم سەرۆک وەزیری تورکیا ئەویش بە هەمان شێوە هێرشەکەی شەرمەزارکرد و گوتی وەڵامی هێرشبەران دەدەنەوە، وە هیچ ڕێـکخراوێـکی تێرۆرستی ناتوانێت تورکیا بکاتە دیلی خۆی.
Your browser doesn’t support HTML5
تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک بارەگای پـۆلیسی جزیرە لە شەرنەخ