سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جارێکی دیکە هوشداری دا بە تورکیا کە هێرشکردنە سەر ناوچە کوردیـیەکانی سوریا بەبێ هیچ هۆکارێک ئاکامی خراپی دەبێت بۆ سەر ئابوری ئەو وڵاتە.
سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسی "ڕەنگە لە پـرۆسەی جێهێشتنی سوریادا بین، بەڵام بە هەر حاڵ پـشت لە کورد ناکەین کە خەڵکێکی تایبەتن و جەنگاوەرێکی زۆرباشن. بە هەمان شێوە پەیوەندیـیەکانمان لەگەڵ تورکیا کە هاوبەشێکی ناتۆ و بازرگانی بووە، زۆر باشبووە. تورکیا بۆخۆی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی کوردی هەیە و باش دەزانێت تەنیا 50 سەربازمان لەو بەشەی سوریا هەبوو وە لەوێ لابران، هەرچ شەڕێکی بەبێ هۆکار و ناپـێویست لەلایەن تورکیاوە ئەوا بۆ ئابوریـیەکەی وێرانکەر دەبێت کە لە ئێستادا پارە بێ بەهاکەی شکاوە. ئێمە یارمەتی کوردەکان دەدەین بە پارە و چەک."
سەرۆک ترامپ پاش ئەوەی بڕیاری کشانەوەی سەربازانی ئەمەریکایی لەسەر سنووری تورکیا و سوریا دا، ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە لەلایەن ئەندامانی کۆنگرێس لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات. ژمارەیەک لە سیناتۆرەکان بڕیارەکەیان بە هەڵەیەکی گەورە ناودێرکرد.