سەرۆک ترامپ بڕیار دەدات مافی پەنابەری نەدرێت بەوانەی لە سنووری مەکسیکەوە بە نایاسایی دێنە ئەمەریکاوە

سەرۆکی ئەمەریکا بڕیارێکی واژوکردووە کە ڕێگە نەدرێت بەوانەی بە شێوەیەکی نایاسایی لە سنوورەکانی ئەمەریکا لەگەڵ مەکسیک دێنە ناو وڵاتەکەوە داوای مافی پەنابەری بکەن.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ هەینی بڕیارەکەی واژوکرد بەپـێی ئەو دەسەڵاتەی هەیەتی بۆ ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکە، ئەوەی پـێشتر بەکاریهێنا بۆ قەدەغەکردنی گەشتی هاوڵاتیانی ژمارەیەک وڵات بۆ ئەمەریکا. دەڵێت ئەو دەیەوێت خەڵکی بە ڕێگەیەکی یاسایی بێنە ناو ئەمەریکاوە.

ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ پاش ئەوە دێت کە کاروانی بە کۆمەڵی کۆچبەران لە وڵاتانی ئەمەریکای ناوەڕاستەوە بە پێ بەرەو باکور دێن بە ئامانجی گەیشتن بۆ ئەمەریکا، بەڵام کاربەدەستان دەڵێن بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت بەسەر هەر کەسێک بە شێوەیەکی نایاسایی بێتە ناو ئەمەریکاوە.

دەشڵێن مەبەست لە بڕیارەکە ئەوەیە ئەوانەی خوازیاری پەنابەرین ڕوو لە دەروازە فەرمیـیەکان بکەن تاوەکو وەڵامی خێرایان دەستبکەوێت، ئەمەش لە بری ئەوەی هەوڵبدەن لە پشت دەروازەکانەوە خۆیان بە وڵاتەکەدا بکەن.

بەڵام لە دەروازەکان چەندان ڕیزی درێژی کۆچبەران وەستاون، ئەمەش وەها لە کاربەدەستانی دەزگای کۆچبەری ئەمەریکا دەکات داوای هەندێک لەو کۆچبەرانە ڕەتبکەنەوە و جارێکی دیکە داوای مافی کۆچبەری پـێشکەش بکەنەوە.

جێی ئاماژەیە درێژی سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک نزیکەی 3200 کیلۆمەترە و بەردەوام پاسەوانانی سنوور چاودێری چڕی ناوچە سنووریـیەکانی باشوری وڵاتەکە دەکەن.