بەپـێی چەند سەرچاوەیەک فڕۆکەی جەنگی نەناسراو بۆردومانی چەند شوێنێکیان کردووە لە باشوری شاری جەرابلوس و باکوری شاری ئەلبابی ژێر دەستی گروپەکانی سەر بە تورکیا و لە ئاکامدا ژمارەیەک عەمباری سووتەمەنی ئاگریان گرتووە.
سەنتەری تۆمارکردنی پـێشێلکاریـیەکان لە باکوری سوریا دەڵێت شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە بۆردومانی 9 شوێن کراوە، شەشیان لە دەوروبەری گوندی تەرحینی سەر بە شارۆچکەی عەریمەی نزیک شاری ئەلباب و سیانیان لە نزیک هەردوو ناوچەی ئەلکوسا و تەل شعیر لە باشوری شاری جەرابلوس.
سەنتەرەکە دەڵێت بە لایەنی کەم 4 کەس کوژراون و 9 کەسی دیکە برینداربوون و ئاگری گەورە شوێنەکانی گرتووەتەوە.
کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەویش ڕایگەیاند، بەپـێی خەڵکی ناوچەکە دەنگی 6 تەقینەوە لە هەردوو گوندی ئەلبورج و تەرحینی نزیک عەمبارەکانی سووتەمەنی بیستراوە.
جێی ئاماژەیە ئەو ناوچانە لە ژێر دەستی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیایە، لەوانە ئەحرار ئەلشام، ئەحرار ئەلشەرقیە ، فرقە ئەلحەمزات.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ وڵاتێک بەرپـرسیارێتی خۆی لەو بۆردومانانە ڕانەگەیاندووە.
گروپەکانیش هیچیان لەم بارەیەوە ڕانەگەیاندووە، تەنیا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێن ساتی بۆردومانکردنی باکوری شاری ئەلبابە.