لەشکری ڕووسیا دەڵێت حکومەتی سوریا یەک لایەنە ئاگربەست لە ئیدلیب ڕادەگەیەنێت

لەشکری ڕووسیا دەڵێت هێزەکانی حکومەتی سوریا یەک لایەنە ئاگربەست لە پارێزگای ئیدلیبی باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە ڕادەگەیەنێت، ئەمەش هاوکاتی ئەوەی هەزاران کەسی سیڤیل ئاوارەبوون.

ئۆفیسی ناسراو بە "ناوەندی لەشکری ڕووسیا بۆ ئاشتەوایی لە سوریا" ئەمڕۆ هەینی گوتی ئاگربەستەکە لە کاتژمێر 6 ی بەیانی ڕۆژی شەممە بە کاتی خۆجێی دەستپـێدەکات.

ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە هێزەکانی حکومەتی سوریا لە ئەنجامی هێرشی چەند هەفتەی ڕابردوویان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپـۆزسیۆن توانیان ناوچەیەکی بەرچاو کۆنترۆڵبکەن لە هەردوو پارێزگای حەما و ئیدلیب کە دوایـین شوێنەکانی ئۆپـۆزسیۆنی لێـیە.

لەشکری ڕووسیا لە ڕاگەیاندنەکەیدا داوا لە هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەکات هێرش نەکەنە سەر هێزەکانی حکومەتی سوریا.

لە لایەکی دیکە بە هەزاران خەڵکی سیڤیل لە ترسی شەڕەکان ئاوارەبوون و هەوڵ دەدەن ڕوو لە تورکیا بکەن لە ڕێگەی دەروازەی باب ئەلهەوا، بەڵام کاربەدەستانی تورکیا ڕێگەیان پێ نادەن.

چەند پارچە ڤیدیۆیەک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان بڵاوبوونەتەوە، دەڵێن هێزەکانی تورکیا تەقەیان بەسەر خەڵکەکەدا کرتووە تاوەکو لە دەروازەکە دوربکەونەوە.