وەزیری دەرەوەی سوریا دەڵێت هێزی نێودەوڵەتی ڕۆڵی نابێت لە ناوچەکانی هێورکردنەوەی شەڕ

وەزیری دەرەوەی سوریا ڕەتیکرد نەتەوە یەکگرتووەکان یان هێزی نێودەوڵەتی ڕۆڵیان هەبێت لە چاودێریکردنی ناوچەکانی هێورکردنەوەی شەڕ لە سوریا.

وەلید موعەلیم ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە دیمەشق گوتی هیچ هێزێـکی نێودەوڵەتی لە ژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو ناوچانە نابن و ڕووسیا گوتویەتی هێزی پـۆلیسی لەشکری و ناوەندی چاودێری لەو ناوچانە دادەنرێن، بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان یان هێزی نێودەوڵەتی ڕۆڵیان لەو ناوچانە نابێت. بەڵام نەیگوت ئایا ئەو پـۆلیسە لەشکریـیانە سوری دەبن یان ڕووسی.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد یاداشتنامەی دامەزراندنی ئەو ناوچانە بۆ ماوەی شەش مانگە و دەکرێت نوێبکرێتەوە ئەگەر بێت و ئەنجامی باشی هەبوو.

گوتیشی لە هەموو ئەو ناوچانە بەرەی نووسرە هەیە و لە هەندێـک ناوچە داعشیش هەیە و بەپـێی ڕێکەوتنەکە دەبێت گروپەکانی دیکە خۆیان لەم دوو ڕێـکخراوە تێرۆرستیـیە جودابکەنەوە.

جێی ئاماژەیە پـێنجشەممەی ڕابردوو ڕووسیا و تورکیا و ئێران لە ئەستانەی پایتەختی کازاخستان یاداشتنامەیەکیان مۆرکرد بۆ دامەزراندنی ناوچەی هێورکردنەوەی شەڕ لە هەشت پارێزگای سوریا کە هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی لێـیە.