کاربەدەسـتێـکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ستافان دیمستۆرا نێردراوی نێودەوڵەتی بۆ قەیرانی سوریا بە نیازە لە مانگی یەک ساڵی نوێ وتووێژی ئاشتی بۆ سوریا لە ژنێڤ دەسـتپـێبکات.
مایکڵ مۆلەر بەڕێوەبەری ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی دیمستۆرا خوازیارە هەتا ناوەڕاستی مانگی یەک لایەنە بەشداربووەکانی بۆ ڕوون بـبێتەوە تاوەکو لە کۆتایی مانگەکە دەستبکات بە وتووێژەکان.
باسی لەوەش کرد کە لەم ڕۆژانە دیمستۆرا لە پەیوەندیـیەکی بەردەوامدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و گوتی زۆربەی کاتەکەی لە ناو فڕۆکە بەسەر دەبات و لەم وڵات بۆ ئەو وڵات دەڕوات.
کاربەدەسـتان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ئامانج لە وتووێژەکان پـێکهێنانی حکومەتێـکی بڕواپـێکراوە لە سوریا کە کەس پـشـتگوێ نەخات و تایفەگەری نەبێت. پاشان دەستورێـکی نوێ بۆ وڵاتەکە بنووسرێتەوە.
جێی ئاماژەیە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕابردوو بڕیارێـکی پەسەندکرد کە پشـتگیری لە نەخشە ڕێگەیەک دەکات بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە سوریا، ئەمەش بۆ یەکەم جارە لە پاش نزیکەی پـێنج ساڵ لە شەڕی ناوخۆ و کوژرانی زیاتر لە 250 هەزار کەس، زلهێزانی جیهان لەسەر بڕیارێـک بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوریا ڕێکدەکەون.
بڕیارەکە داوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە سوریا دەکات و سـازکردنی وتووێژ لە نێوان حکومەتی سوریا و ئۆپـۆزسیۆن و پاشان پێـکهێنانی حکومەتێـکی هاوبەش و بە دوایدا لە ماوەی 2 سـاڵ هەڵبژاردنی نیشتیمانی سـازبکرێت.