نوێنەری کۆمەڵی نێودەوڵەتی داوا لە سوریا دەکات لەسەر ئاگربەست بەردەوامبێت

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا دەڵێت داوای لە حکومەتی سوریا کردووە کاربکات بۆ بەردەوامبوونی کاربەستی ناو وڵاتەکە و هەروەها ڕێگە بە گەیشتنی یارمەتیـیە مرۆیـیەکان بدات.

ستافان دی‌مستورا ئەمڕۆ دووشەممە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لەگەڵ وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و تاووتوێی بەردەوامبوونی ئاگربەستەکە کردبوو، ئەمەش لە کاتێـکدا کە ناجێگرە و جارجار پـێشێل دەکرێت.

هاوکات میدیاکانی سوریا دەڵێن وەلید موعەلیم بە نوێنەری کۆمەڵی نێودەوڵەتی گوتووە "گروپی تێرۆرستی" هەن بە فەرمانی تورکیا و سعودیـیە ئاگربەستەکە پـێشێل دەکەن بە ئامانجی شکستهێنان بە وتووێژەکانی جنێڤ.

پاشان موعەلیم ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕێوە لەوەی بەشداری لە وتووێژەکانی ئاشتی بکات بە بێ هیچ مەرجێـگی پـێش‌وەخت.

چاوەڕوان‌دەکرێت لە 15 ئەم مانگی چوارە وتووێژەکانی نێوان ئۆپـۆزسیۆن و حکومەتی سوریا دەسـتپـێبکەنەوە، ئەوانەی لە 24 ی مانگی سێ وتووێژەکان هەڵپەسێران بەبێ ئەوەی هیچ بەرەوپـێشچوونێـک تۆماربکرێت.