شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بۆ وتووێژکردن لەگەڵ حکومەت لە دیمەشقە

شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە دیمەشقی پایتەختی سوریایە بە مەبەستی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی سوریا.

شاندەکە کە ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات سەرۆکایەتی دەکات، شەوی پـێنجشەممە گەیشتووەتە دیمەشق و بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی هاواری نزیک لە کوردەکانی سوریا سەردانی شاندەکە لەسەر داوای حکومەتی سوریایە بە ئامانجی دانوستاندن.

لە لایەکی دیکە ڕیاز دەرار هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە ڤیەنناوە لە ڕێگەی تەلەفۆن ئەمڕۆ هەینی بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت هیچ کارنامەیەک بۆ وتووێژەکان دانەنراوە، بەڵام ڕەنگە بابەتی ئاسایشی و سیاسی تاوتووێبکرێن.

گوتیشی هێشتا ئەنجامی کۆبوونەوەکان ڕوون نیـیە و نازانێت لە لایەن حکومەتەوە کێ لە وتووێژەکاندا بەشدارن.

لە ئێستا ئاشکرا نیـیە ئەو شاندە هەتا کەی لە دیمەشق دەمێننەوە.