بەڕێوەبەرایەتیـیەکانی ڕۆژئاوا خۆیان ئامادەکردووە بۆ هەڵبژاردنێـکی مێژوویی لە ناوچەکانیان و بڕیارە سبەی هەینی پـرۆسەی دەنگدان سازبکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی 3732 گەڕەک و گوند.
لە مانگی سێی ساڵی 2016 کانتۆنەکان بڕیاریان دا سیستەمێکی فیدراڵی لە باکوری سوریا دابمەزرێنن و لە سێ هەرێم پـێکبهێنرێت، (جزیرە، فورات، عەفرین).
پاشان بڕیاریان دا بە سێ قۆناغ لە ناوچەکانیان هەڵبژاردن سازبکەن. لە قۆناغی یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەڕەک و گوندەکان لە 22 ی مانگی نۆی ساڵی 2017 بەڕێوەبچێت و دەبێت هەر ئەنجومەنە دوو هاوسەرۆکی هەبێت (پـیاو و ژنێک). لە قۆناغی دووەم لە 1 ی مانگی دوازدەی ئەمساڵ ئەنجومەنی شار و قەزا و ناحیـیەکان هەڵبژێرن. لە قۆناغی سێـیەم لە 19 ی مانگی یەکی ساڵی 2018 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی هەر سێ هەرێمەکە بە جیا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی بە ناوی "کۆنگرەی گەلانی دیموکرات" سازبکرێن.
ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس گوتی" هەڵبژاردنەکان هەنگاوی یەکەمە بۆ چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی و دیموکراسی فیدراڵی."
گوتیشی"وا سیستەمێکی نوێ لە ڕۆژئاوا دادەمەزرێت... ئێمە بەشێکین لە سوریا و فیدراڵی دەخوازین."
هەریەک لە دیمەشق و ئەنکەرە ئەم هەڵبژاردنە بە نایاسایی ناودێردەکەن و زۆر بە توندی ئەم بەرنامەیەی بۆ ئەم سیستەمی فیدراڵیـیە دانراوە ڕەتدەکەنەوە.
لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژئاوا ئامادەکاریـیەکان بۆ هەڵبژاردنەکە کراون و جادە و شەقامەکان بە دروشمی هەندان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە پـڕکراونەتەوە. هەرسێ زمانی عەرەبی و سریانی و کوردی لە نووسینەکاندا بەکارهێنراون، ئەمەش وەک نیشانەیەک بەوەی سیستەمەکەیان هیچ پـێکهاتەیەک پشتگوێ ناخات و دیموکراسی پەڕەودەکەن.
بەڵام هاوکات ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا (ئەنەکەسە) دەڵێت ئەم هەڵبژاردنانە شەرعی نیـین و داوا لە خەڵکی دەکات بەشداری تیایدا نەکەن. زانا عومەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە قامیشلو ڕاپـۆرتی دەنگی و ڤیدیۆیی لەم بارەیەوە ناردووە.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی زانا عومەر
Your browser doesn’t support HTML5
تێڕوانینی ژمارەیەک لەسەر هەڵبژاردنەکانی ڕۆژئاوا