وەزارەتی دەرەوەی ئوردن ڕایگەیاند ئەو 279 ئەندامەی بەرگری شارستانیـیەی کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بوون و لە مانگی حەوت لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە گەیشتنە ئوردن، وا بەرەو سێ وڵاتی ڕۆژئاوایی دەبرێن.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی ئەو ئەندامانە کە لە ڕێکخراوی کڵاوە سپـیـیەکان بوون، بەخۆیان و خێزانەکانیانەوە کە ژمارەیان 428 کەسە بەرەو هەرسێ وڵاتی بەریتانیا و کەنەدا و ئەڵمانیا دەبرێن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتەکە ئاشکرای کرد بەشێکیان براون و ئەوانەشی ماونەتەوە لە ماوەی 2 هەفتەی داهاتوو دەبرێن.
جێی ئاماژەیە سەرەتای مانگی حەوت هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا هێرشێکی گەورەیان کردە سەر ناوچەکانی لە ژێر کۆنترۆڵی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بوون لە باشوری وڵاتەکە و سەرئەنجام هەمووی کۆنترۆڵکردەوە و بەشێک لە خەڵکەکەی ئاوارەبوون، لەوانە ئەندامانی ڕێکخراوی کڵاوە سپـیـیەکان کە حکومەتی سوریا وەک بەشێک لە ئۆپـۆزسیۆن لێـیان دەڕوانێت، بۆیە ناچار لەگەڵ خێزانەکانیان ڕوویان لە بەرزایـیەکانی گۆلانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل کرد و ئەوانیش لەسەر داوای ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی دیکەی ڕۆژئاوایی سنووریان لێکردنەوە و بە پاس ڕەوانەی ئوردنیان کردن.
حکومەتی ئوردن قایلبوو وەریانبگرێت بەو مەرجەی دەبێت هەتا ئەوپەڕی سێ مانگی دیکە بەرەو وڵاتی دیکە ببرێن. ئەمڕۆ بەریتانیا و کەنەدا و ئەڵمانیا بەڵێنەکەیان جێبەجێکرد.
ڕێکخراوی کڵاوە سپـیەکان لە ساڵی 2013 وە دامەزراوە و خەڵکی بە خۆبەخشانە بوونەتە ئەندامی تاوەکو بە هانای ئەو خەڵکە لێقەوماوانەی وڵاتەکەیان بچن، کاتێک دەکەونە بەر هێرشی حکومەت و تانەت ئەوانەشی لە شەڕی نێوان لایەنەکانی ئۆپـۆزسیۆن دووچاری زیان دەبن. مەزندە دەکرێت ڕێکخراوەکە نزیکەی 3700 ئەندامی هەبووبێت.