داعش لە هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممەی سەر ناوچەی سوەیدای سوریا 36 ژن و منداڵی ڕفاندووە

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت داعش لە میانەی هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بۆ سەر پارێزگای سوەیدای زۆرینە دورزی لە باشوری وڵاتەکە، 36 ژن و منداڵی ڕفاندووە.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت داعش لە هێرشەکەی پـێنج ڕۆژ لەمەوبەر کە کردیـیە سەر سوەیدا 36 ژن و منداڵی ڕفاندووە، چوار ژنیان توانیویانە خۆیان حەشاربدەن و پاشان هەڵبێن و هەروەها دوو ژنیان گیانیان لەدەستداوە و دواتر تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە، یەکێکیان گولـلە بەر سەری نراوە و ئەوی دیکەیان ژنێکی بە تەمەن بووە و پـێدەچێت بەرگەی ئەو زۆر ڕۆیشتن و گەرمایەی نەگرتبێت.

بەمەش هێشتا 30 کەس لە ڕفێندراوەکان لە دەستی داعشدا ماونەتەوە.

پـێشتر تۆڕی هەواڵەکانی سوەیدا 24 لەسەر ماڵپەڕ و فەیسبوکەکەی زانیاری لە بارەی ڕفێندراوەکان بڵاوکردەوە و نووسیویەتی هەموو ڕفێندراوەکان خەڵکی گوندی ئەلشەبکین کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی سوەیداوە. بریتین لە 20 ژن کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 60 ساڵە و 16 منداڵی کوڕ و کچ.

دەشڵێت داعش ڕۆژی هەینی وێنەی 14 لەو ژنانەی بڵاوکردووەتەوە و داوایکردووە لە بەرامبەر ئازادکردنیان حکومەتی سوریا کۆمەڵێک زیندانیکراوی ئازادبکات.

جێی ئاماژەیە لەو هێرشەی داعش بۆ سەر سوەیدا، زیاتر لە 250 کەس کوژران، لەوانە 139 کەسیان سیڤیل بوون.