ڕێکخراوی HRW : ئەمەریکا ژمارەیەک دەسـتگیرکراوی داعشی لە سوریاوە گواستووتەوە بۆ عێراق

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch دەڵێت ئەمەریکا ژمارەیەک لە دەسـتگیرکراوە بیانیـیەکانی داعشی لە سوریاوە گواستووەتەوە بۆ عێراق تاوەکو لەوێ دادگایی بکرێن.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی ڕاپـۆرتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەوەی ئەو تاوانبارانەی داعش لە عێراق پـێشێلکاریـیان بەرامبەر بکرێت و دووچاری ئەشکەنجەدان بن.

دەشڵێت بەپـێی زانیاریـیەکانی پـێـیان گەیشتووە بە لایەنی کەم 5 کەس کە لەلای هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەسـتگیرکرابوون، لە ڕێگەی ئەمەریکاوە ڕادەسـتی دەسەڵاتدارانی عێراق کراون. پـێنج کەسەکەش یەکێکیان نازانرێت خەڵکی چ وڵاتێکە، بەڵام ئەوانی دیکە فەڕەنسی، ئوسترالی، لوبنانی، فەڵەستینی.

ڕێکخراوی HRW لە درێژەی ڕاپـۆرتەکەی دەشڵێت لە 10 مانگی نۆ لە بارەی کەسە فەلەستینیـیەکە کە ناوی مەحمود ئەلنەواجحەیە، نامەیان بۆ کاربەدەستانی عێراق و ئەمەریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات ناردووە. دەڵێت عێراقیـیەکان نکۆڵیان کردووە و ئەمەریکایـیەکان هیچ وەڵامیان نەداوەتەوە، بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕێگەی ڕێدور خەلیل بەرپـرسی ئۆفیسی پەیوەندیـیەکانیان وەڵامیان دراوەتەوە و گوتویانە لەبەر هۆکاری ئۆپەراسیۆنی ناتوانن زانیاری لەسەری بدەن. سەبارەت بە پاساوە یاسایـیەکانیش بۆ ڕادەستکردنیان بە عێراق، گوتویانە دەتوانن لەم بارەیەوە پـرسیار لە کاربەدەستان و حکومەتی عێراق بکەن.

پـێشتر هێزە کوردیـیەکانی سوریا ڕایانگەیاند زیاتر لە 900 چەکداری بیانی داعش کە خەڵکی 44 وڵاتن لەلای ئەوان دەستگیرکراون. دەشڵێن ئەمانە بوونەتە بارێکی گران بەسەریان، بۆیە داوا لە وڵاتان دەکەن هاوڵاتیانی خۆیان ببەنەوە و لای خۆیان دادگاییان بکەن.