کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆنی ئیسلامی سوریا پـێشڕەوی زیاتریان لە بەرامبەر هێزەکانی حکومەت کردووە لە پارێزگای حەما و ئەمڕۆ هەینی توانیویانە جارێـکی دیکە دەسـتبگرنەوە بەسەر گوندی عەتشان لە باکوری شاری حەما.
کۆمەڵەکە دەڵێت بزوتنەوەی ئەحرار ئەلشام و چەند گروپێـکی ئیسلامی بەیانی ئەمڕۆ لە پاش شەڕێـکی قورس و بۆردومانی فڕۆکەی ڕووسی لە بەرامبەریان، توانیویانە 16 سەرباز و چەکداری هێزەکانی حکومەت بکوژن و ئەو گوندە ڕزگاربکەن.
جێی ئاماژەیە عەتشان نزیکە لە شارۆچکەی مۆریک ئەوەی دوێنێ پـێـنجشەممە چەکدارانی لیوای جوند ئەلئەقسا و چەند گروپێـکی دیکەی ئیسلامی کۆنترۆڵیان کرد.
ئەو ناوچانە بە ستراتیژی دادەنرێن بەو پـێـیەی لە نزیک جادەی سەرەکی نێوان شاری حەما و حەلەبن.