ئیسپانیا گرێبەستێکی چەک لەگەڵ عەرەبستانی سعودیـیە هەڵدەوەشێنێتەوە

ئیسپانیا ڕایگەیاند گرێبەستێکی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیـیە هەڵدەوەشێنێتەوە کە بۆ فرۆشتنی 400 بۆمبی ئاڕاستە بە لەیزەر لەگەڵیدا واژویکردبوو.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئیسپانیا ئەمڕۆ سێشەممە ڕاپـۆرتێکی ڕادیۆ کادینا سێری وڵاتەکەی پشـتڕاستکردەوە کە تیایدا نووسراوە حکومەتی سۆسیالیستی نوێی ئیسپانیا بە نیازە 9.2 ملیۆن یورۆ کە دەکاتە نزیکەی 10.6 ملیۆن دۆلار بۆ عەرەبستانی سعودیـیە بگەڕێنێتەوە، ئەوەی بەپـێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ حکومەتی کۆنەپارێزی پێشوو واژیکردبوو داویەتی بە مەدرید.

هەرچەندە گوتەبێژەکە ڕەتیکردووەتەوە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە ئاشکرابکات، بەڵام ئەم بڕیارەی ئیسپانیا لە کاتێکدایە ڕەخنەی توند لە هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی عەرەبستانی سعودیـیە دەگیرێت لەسەر ئەو زیانە گیانیانەی لە نێو خەڵکی سیڤیلدا لە شەڕی یەمەن دەکەونەوە.

مانگی ڕابردوو هێرشە ئاسمانیـیەکانی سعودیـیە لە یەمەن بوونە هۆی کوژرانی دەیان کەسی سیڤیل، لەوانە نزیکەی 40 منداڵ لە نێو پاسێکدا لە پارێزگای سەعدەی باکوری سەنعای پایتەخت. ئەم ڕووداوە ناڕەزایی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و لە نێو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوە لەسەر کراوە. عەرەبستانی سعودیـیە لای خۆیەوە ڕەتیدەکاتەوە خەڵکی سیڤیل بکاتە ئامانج و دەڵێت تەنیا لە چەکدارە حوسیـیەکانی سەر بە ئێران دەدات.

ڕێکخراوی ئەمنستی نێودەوڵەتی دەڵێت ئیسپانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین بڕی چەک بۆ عەرەبستانی سعودیـیە هەناردەدەکات، بۆیە پـێدەچێت ئەمە وەهای لە کاربەدەستانی ئسپانیا کردبێت هەست بە جۆرک لە بەرپـرسیارێتی بکەن.