هەردوو هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە فەڕەنساوە ئاگاهی دەدەن لە بارەی مەترسی دۆخەکە ئەگەربێت و هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکانیان بکشێنەوە.
ئیلهام ئەحمەد ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ڕیاز درار لە پاریس گوتی کاتێک ئەمەریکایـیەکان لە ناوچەکە نەبوون ئەوان هەر شەڕی تێرۆرزمیان کردبوو، بۆیە ئێستاش ئەگەر بێت و هێزەکانی ئەمەریکاش بکشێنەوە ئەوان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆرزم بەردەوام دەبن، بەڵام کارەکە قورستر دەبێت چونکە ناچاردەبن هێزەکانیان لە بەرەی دێرزور بکشێننەوە و بەرەو سنوورەکانی تورکیایان بەرن.
گوتیشی بەهۆی هەڕەشەکانی تورکیا و شیانی هەستانەوەی داعش، مەترسیان هەیە دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵیان دەربچێت و جارێکی دیکە چەکدارانی داعش بە ناوچەکەدا بڵاوببنەوە.
ڕیاز درار ئەویش نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی نائارامی ناوچەکەیان بگرێتەوە و نەتوانرێت ئەو شوێنانە بپارێزن کە چەکدارانی داعشیان تیایاندا زیندانیکردووە.
ئاکاهیشی دا لەوەی داعش مەترسیدارترین ڕێکخراوی تێرۆرستیـیە لە جیهان و هێشتا لەناونەبراوە، بۆیە پـێویستە هێزەکانی هاوپەیمانان نەکشێنەوە هەتا کۆتایی بە داعش دەهێنرێت.