لە ئاکامی تەقینەوەیەک لە نێو مزگەوتێـکدا لە سعودیـیە بە لایەنی کەم 13 کەس دەکوژرێن

کاربەدەسـتانی عەرەبسـتانی سعودیـیە دەڵێن لە ئاکامی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە مزگەوتێـکدا کە هێزە ئاسایشیـیەکان نوێژی تیادا دەکەن 13 کەس کوژراون و 9 کەسی دیکە برینداربوون.

گوتەبێژێـک لە وەزارەتی ناوخۆی سعودیـیە ڕایگەیاند تەقینەوەکە کە ڕۆژی پـێـنجشەممە لە نێو مزگەوتی بارەگای هێزی سوات لە شاری ئەبهای باشوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە ڕوویداوە، بووەتە هۆی کوژرانی 10 پـۆلیس لەگەڵ 3 کارمەندی شوێنەکە. هەروەها 9 کەسی دیکە برینداربوون کە برینی سیانیان قورسە. گوتیشی پـێدەچێت تەقینەوەکە خۆکوژی بووبێت.

پـێشـتر کەناڵی فەرمی ئەلئیخباریـیەی سعودیـیە هەواڵەکەی ڕاگەیاند و گوتی 17 کەس بەهۆی تەقینەوەکەوە کوژراون.

کاربەدەسـتێـک لە وەزارەتی ناوخۆی سعودیـیە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتووە ئامانجی تەقینەوەکە ژمارەیەک پـۆلیس بووە کە لە خولی مەشق و ڕاهێناندا بوون و لەو مزگەوتە نوێژی نێوەڕۆیان ئەنجام دەدا.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کەس و لایەنێـک بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام پـێشـتر تەقینەوەی خۆکوژی لە نێو مزگەوتی شیعەکاندا لەو وڵاتە ڕوویداوە و داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لێ ڕاگەیاندووە.