بەریتانیا و هۆڵەندا دەڵێن ڕووسیا سوکایەتی بە بەها جیهانیـیەکان دەکات

بینای دەزگای هەواڵگری ڕووسیا لە مۆسکۆ

سەرۆک وەزیری بەریتانیا و هاوتا هۆڵەندیـیەکەی پـێکەوە ڕووسیایان تاوانبارکرد بە سووکایەتیکردن بە بەها جیهانیـیەکان لە ڕێگەی هاککردنی دامودەزگا نێودەوڵەتیـیەکانی وەکو ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی کە بارەگاکەی لە لاهایە.

تێرێزا مەی و مارک ڕوتێ ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا گوتیان"ئەم هەوڵەی دراوە بۆ چوونە نێو سیستەمی ئاسایشی ڕێکخراوێکی جیهانی کە کاردەکات بۆ ڕزگارکردنی جیهان لە چەکی کیمیایی، نیشانی دەدات دەزگای هەواڵگری ڕووسیا GRU سووکایەتی بە بەها جیهانیـیەکان و ئەو دەزگایانە دەکات کە سەلامەتی هەمووان دەپارێزن."

پـێشتر هەر ئەمڕۆ خانم ئانک بەیلێڤێڵد وەزیری بەرگری هۆڵەندا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی لە مانگی چواری ئەمساڵدا شکستی بە پـیلانێکی ڕووسیا هێنا کە ئامانجەکەی ڕێکخراوی قەدغەکردنی چەکی کیمیایی بووە. گوتیشی لەسەر ئەم هەوڵەی ڕووسیا 4 کەسی ڕووسیان لە وڵاتەکەیان دەرکردووە.