لە ئەنجامی دوو تەقینەوە لە نێو میترۆیەک لە ڕووسیا 10 کەس دەکوژرێن

کاربەدەسـتانی ئاسایشی ڕووسیا دەڵێن لە ئاکامی دوو تەقینەوە لە نێو فارگۆنی میترۆیەک لە وێستگەیەکی شاری سان پیتەرسبێرگ لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 10 کەس کوژراون و 50 کەسی دیکە برینداربوون.

تەقینەوەکان ئەمڕۆ دووشەممە لە وێستگەی سینایا بلوشادی شاری سان پیتەرسبێرگ ڕوویاندا، بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لایەنە بەرپرسەکان ئاماژە بۆ ئەوە ناکەن تەقینەوەکان لە ئەنجامی بۆمبەوە بووبن.

کاربەدەستان دەڵێن لێکۆڵینەوە دەکرێت تاوەکو هۆکاری تەقینەوەکان بزانرێت، ئایا هێرشێکی تێرۆرستی بووە یان نا. بەڵام دواتر سەرچاوەیەکی ئاسایشی گوتوتی هێزی تەقینەوەکە بە 200 بۆ 300 گرام لە ماددەی TNT مەزەندەدەکرێت.

پاش ڕووداوەکە 7 وێستگەی میترۆی شارەکە داخران، بەڵام دواتر هەموویان داخران.

ڤیدیۆی ئاکامی تەقینەوەکە بڵاوکراونەتەوە و تیایدا نیشان دەدرێت فارگۆنی میترۆیەک زیانێکی زۆری پـێگەیشتووە و دەرگا و پەنجەرەکانی تێکشکاون و خەڵکی بە هانای قوربانیـیەکانەوە دەچن.