دادگایەکی ڕووسیا ئەمڕۆ دووشەممە بڕیاری دا ئەلێکسی ناڤالنی ڕێبەری ئۆپـۆزسیۆن بۆ ماوەی 15 ڕۆژ زیندانی بکرێت بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە ڕێنمایـیەکانی پـۆلیس لە کاتی خۆپـیشاندانە ناڕەزایـیەکانی دوێنێ یەکشەممە لە مۆسکۆ سازکران.
لەگەڵ ئەو سزایە دادگاکە فەرمانی کرد 20 هەزار ڕوبڵ (نزیکەی 352 دۆلار) لە ئەلێکسی ناڤالنی وەربگیرێت وەک سزایەک لە بەرامبەر ڕێکخستنی خۆپـیشاندانێـکی نایاسایی لە دژی حکومەت.
ئۆلگا میخائیلۆڤا پارێزەری ئەلێکسی ناڤالنی بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی گوت بڕیارەکانی دادگا شتێـکی چاوەڕوانکراوبوو و تانەی لێدەگرن.
کرملێن ئەمڕۆ دووشەممە داواکانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپای ڕەتکردەوە بۆ ئازادکردنی ئەو خۆپـیشاندەرانەی دوێنێ یەکشەممە دەسـتگیرکران. گوتی مۆڵەت بۆ خۆپـیشاندانەکان وەرنەگیرابوون و ڕێکخەرانی پارەیان داوە بە نەوجەوانان هەتا بەشداری لە خۆپـیشاندانەکاندا بکەن.
ڕێکخەرانی خۆپـیشاندانەکانیش دەڵێن ناڕەزایـیەکانیان لە دژی گەندەڵی لە وڵاتەکە زیاتر لە 80 شاری ڕووسیای گرتەوە. گەورەترین خۆپیشاندانی ناڕەزایی بێ مۆڵەت بوون ئەنجامبدرێن لەوەتای خۆپیشاندانەکانی نێوان هەردوو ساڵی 2011 -2012 سازکران لە دژی هەڵبژاردنەوەی ڤلادیمیر پـوتن بە سەرۆکی وڵات. وەک دەڵێن فرتوفێڵ لە هەڵبژاردنەکاندا کرابوون.