ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور دەڵێت کۆمەڵێک زانیاری نهێنی دادوەری ئێرانی دەستکەوتووە

ئەندامانی کۆمیتەی ڕۆژنامەوانانی بێ سنوور لە میانەی ڕاگەیاندنی ڕاپـۆرتەکەیان لە پاریس، 7 ی مانگی دووی ساڵی 2019

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور دەڵێت بەپـێی کۆمەڵێک زانیاری نهێنی کە لە سیستەمی ئەلیکترۆنی وەزارەتی دادی ئێران کۆکراونەتەوە، بە لایەنی کەم 860 ڕۆژنامەوان و هاوڵاتی کە وەک ڕۆژنامەوان ڕۆڵیان بینیبوو لە ئێران دەستگیرکراون لە نێوان ساڵانی 1979 هەتا 2009.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕاپـۆرتێکیدا کە لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاویکردووەتەوە دەڵێت ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە پاریس مەسەلەی دزەکردنی ئەو زانیاریـیە نهێنیانەی ئاشکراکردووە کە هاوکاتە لەگەڵ 40 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران.

زانیاریـیەکان کە لە نێو فایلی کۆمپـیوتەریدان، هێشتا نهێنین و هەموو کەیسی دەستگیرکردن وزیندانیکردن و لە سێدارەدانیان تێدایە کە لە ناوچەی تاران لە ماوەی 30 ساڵ ئەنجامدراون.

فایلەکان کەیسی دادوەری نزیکەی 1.7 ملیۆن کەسیان تێدایە، لە ژن و پـیاو و نەوجەوان کە بەشێکیان لە کەمینە نەتەوەیی و ئاینیـیەکانی ئێرانن. تۆمەتەکانیان سیاسی نین، بەڵکو لەسەر ڕاوبۆچوونە و بەشێکیان ڕۆژنامەوان و نەیاری ڕژێمن. ژمارەیەک لەوانە لە سێدارەدراون.

هەریەک لەوانەی دەستگیرکراون فایلی تایبەتی خۆی هەیە و زانیاریـیەکانی تێدایە، لەوانە ناو و ڕۆژ و شوێنی لەدایکبوون و ڕۆژی دەستگیرکردن و دادگاییکردن و سزاکەی و ئەو لایەنەی بەرپـرسە لە دەستگیرکردنی، بەڵام پـیشەی کەسەکە نەنووسراوە، بۆیە وشەی ڕۆژنامەوان بە هیچ شێوەیەک لە نێو فایلەکاندا نیـیە، ئەمەش بۆ ڕژێمی ئاسانکردووە نکۆڵی بکات لەوەی ڕۆژنامەوانی دەستگیرکردووە.

ڕۆژنامەوانەکان تۆمەتبارکراون بە سیخوڕی و کارکردن لەگەڵ دوژمن و کاری دژی ئاسایشی وڵات و پـرۆپاگەندەی دژی حکومەت و سووکایەتیکردن بە پـیرۆزیـیەکانی ئیسلام و ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی.

کریستۆف دۆلواغ سکرتێری گشتی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لە بارەی ئەم زانیاریـیانە گوتی ئەو هەموو فایل و ملیۆنان زانیاریـیانەی تیایاندایە نەک تەنیا قەبارەی درۆکانی ڕژێمی ئێران نیشان دەدات کە ساڵانێکە دەڵێت لە زیندانەکانی کەسانی سیاسی و ڕۆژنامەوانیان تێدا نیـیە، بەڵکو ئەو فێڵ و تەڵەکانەشی ئاشکراکردووە کە لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوو ئەنجامی داون بۆ سەرکوتکردنی پیاو و ژنی ئەو وڵاتە لەسەر ڕاوبۆچوون و ڕاپـۆرتەکانیان.

گوتیشی ئەو زانیاریـیانە ڕادەستی میشێل باژلێی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.