ئەمنستی داوای لێکۆڵینەوە دەکات لەسەر کوژرانی خەڵکی سیڤیل لە میانەی ڕزگارکردنی ڕەققە

گروپـێکی مافەکانی مرۆڤی نێودەوڵەتی داوای لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی داعش کرد لێکۆڵینەوە بکات لەسەر ئەو هێرشە ئاسمانیانەی بوونە هۆی گیان لەدەستدانی هاوڵاتیانی سیڤیل لە میانەی هەڵمەتی ڕزگارکردنی شاری ڕەققە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی Amnesty Internationalدەڵێت دانپـیادانانی هاوپەیمانان لە مانگی ڕابردوو کە 78 کەسی سیڤیلی زیاتر کوژراون لە هێرشی ساڵی 2017 بۆ سەر ڕەققە، تەنیا مشتێکە لە خەروارێک.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەکەی ڕۆژی سێشەممە دەڵێت ئەم دانپیادانانەی هاوپەیمانان دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی لێبکەوێتەوە تاوەکو بزانرێت بۆچی خەڵکی سیڤیل کوژران و کێ بەرپـرسیارە. دەشڵێت هاوڵاتیانی ڕەققە شایستەی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەن.

چاودێران دەڵێن لەو بڕوایەدان بە سەدان کەسی سیڤیل لە هەڵمەتەکەی سەر ڕەققە گیانیان لەدەستدابێت.

داعش لە زۆربەی عێراق و سوریا تێکشکێنراوە، هەرچەندە هێشتا چەند ناوچەیەکی بچوکی لە ژێر دەستدا ماوە.