وەزارەتی بەرگری قەتەر ڕایگەیاند لە چوارچێوەی هاوکاری لەشکری نێوان قەتەر و تورکیا ژمارەیەک تۆپی تۆپـخانەی لەشکری تورکیا گەیشتوونەتە وڵاتەکەی.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەمەی لە تویتەرەکەی ڕاگەیاند و دەڵێت ژمارەیەک ئەفسەر و سەرباز لەگەڵ ئەو تۆپە قورسانەن. بەپـێی ئاژانسی دەنگوباسی ئانادۆلوی تورکیا 28 ئەفسەر و سەربازن.
دوێنێ سێشەممەش وەزارەتی بەرگری قەتەر ڕایگەیاند کاروانی شەشەمی لەشکری تورکیا گەیشتوونەتە قەتەر.
هەردوو وڵات دەڵێن ئامانج لە ناردنی ئەم هێزانە مانۆڕی لەشکری هاوبەشە لەگەڵ مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانیان.
لەوەتای عەرەبستانی سعودیـیە و ئیمارات و بەحرەین و میسر پەیوەندیـیەکانیان لەگەڵ قەتەر بڕیوە، ئەنکەرە پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ دۆحە پتەوترکردووە.
ئەو چوار وڵاتە دۆحە تاوانباردەکەن بەوەی کۆمەکی تێرۆردەکات، دەڵێن هەتا دەستبەرداری گروپە تێرۆرستیـیەکان نەبێت پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ ئاسایی ناکەنەوە.