دادگایەکی دژە تێرۆرزم لە پاکستان ڕایگەیاند سەرۆکی پێشووی پاکستان پەروێز موشەڕەف لە دادگایی کردن بە تاوانی کوشتنی سەرۆک وەزیری پێشووتری پاکستان بێنەزیر بوتۆ هەڵاتووە جا بۆیە فەرمان دەدات دەستبگیرێت بەسەر موڵکو ماڵیدا.
موشەڕەف لە ساڵی 2013 وە بە کوشتنی بەتۆ تاوانبار کراوە، بەڵام لەو کاتەوە لە دوبەی نەگەڕاوەتەوە. بێنەزیر بوتۆ لە ساڵی 2007 کوژرا.
پەروێز موشەڕەف
کاربەدەستێکی دادگا ڕایگەیاند دادگاکە ئەو 5 پیاوەی بە بێتاوان ناساند کە پێشتر تاوانبار کرابوون بەوەی کە ملیتانی تالیبان بن و دەستیان هەبوبێت لە پیلانی کوشتنەکەی بێنەزیر بوتۆ، کە یەکەم سەرۆک وەزیری ژن بو لە جیهانی ئیسلامیدا.
هەرچەندە دوو پۆلیسیش تاوانبار کران بەوەی کە بەڵگەکانیان شاردۆتەوە و لێکۆڵینەوەکانیان بە لاڕێدا بردووە. ئەو کاربەدەستە گوتیشی هەر یەک لەوانە سزای 17 ساڵ زیندانی و 500 هەزار ڕوپە (چوار هەزارو حەود سەد دۆلار) دراون.
ئەمەش یەکەم جارە زانیاری بەوشێوەیە لەسەر دۆسێی کوشتنی بێنەزیر بڵاو بکرێتەوە کە نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر لە میانەی کۆبونەوەیەکی جەماوەری لە شاری ڕاولپێندی کوژرا.
لەو کاتەدا حکومەتەکەی موشەڕەف ئەو کوشتنەیان خستە سەر پیاوانی بەیتوڵا مەهسودی سەرۆکی تالیبانی پاکستان کە ئەویش نکوڵی لێ کرد. ئەو لە ساڵی 2009 لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکادا کوژرا.
لە ساڵی 2010 ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان حکومەتەکەی موشەڕەفی تاوانبار کرد بەوەی کە سەرکەوتوو نەبووە لە دابین کردنی ئاسایش بۆ بێنەزیر بوتۆ و ڕاپۆرتەکەی ڕایشیگەیاندبوو کە دەشیا ڕێگری لە کوشتنەکەی بکرێت.