سەرۆک ئۆباما بە فەرمی پشـتیوانی لە هێلەری کلنتن بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەکات

براک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە فەرمی پـشـتیوانی خۆی بۆ هێلەری کلنتن وەزیری پـێشووی دەرەوە ڕاگەیاند تاوەکو بـبێتە کاندید دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

ئەمڕۆ پـێـنجشەممە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ سیناتۆر بێرنی ساندەرس کە ئەویش خوازیارە ببێتە کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، سەرۆک ئۆباما لە ڤیدیۆیەکدا بۆ پشـتیوانیکردن لە هێلەری کلنتن، گوتی " من دەزانم ئەم کارە چەندە قورسە، بۆیە دەزانم هێلەری بۆ ئەم کارە زۆر باشە."

هەرچەندە ساندەرس پاش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک ئۆباما لە کۆشـکی سـپی گوتی لە هەڵمەتی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی بەرایی بەردەوام دەبێت، بەڵام جەختی لەوەکرد کە لەگەڵ هێلەری کلنتن کۆدەبێتەوە بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی دیموکراتەکان لە پـێناو ڕووبەڕووبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ کە پـێشـبینی دەکرێت ببێتە کاندیدی کۆماریـیەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی.