زانای ئەمەریکایی ڕیچارد ثالەر خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئابوری ئەمساڵی بردەوە، ئەمەش وەک پـێزانینێک بۆ ئەو توێژینەوانەی کردوونی لە بارەی گرێدانی سایکۆلۆجیەتی مرۆڤ بە ئابوریـیەوە.
کۆمیتەی خەڵاتی نوبڵ ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی " بەڕێز ثالەر لە زانکۆی شیکاگۆ خەڵاتی نۆبڵی پـێدرا لە بەرامبەر ئەو کارانەی کردوونی بۆ تێگەیشتنی ڕەفتارە ئابوریـیەکانی تاک و چۆنیەتی کاریگەری دەبێت بەسەر سایکۆلۆجیەتی و پەیوەندیـیە ئابوریـیەکانی."
ڕیچارد ثالەری تەمەن 72 ساڵ لای خۆیەوە سوپاسی کۆمیتەکەی کرد بۆ ئەو خەڵاتە مەزنەی پـێیان بەخشیوە و گوتی خۆشحاڵە.
باشان بۆ شۆخی گوتی"چیتر پـێویست ناکات لە کاتی یاری گۆڵفدا یوجین فامای هاوڕێم بە پـرۆفیسۆر فاما بانگبکەم." پـرۆفیسۆر فاما کە ئەویش لە زانکۆی شیکاگۆیە خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئابوری ساڵی 2013 ی بردەوە.
ڕیچارد ثالەر جگە لەوەی مەدالیای زێڕینی نۆبڵ وەردەگرێت، هەروەها خەڵاتێکی ماددی وەردەگرێت کە نزیکەی 1.1 ملیۆن دۆلارە.