کاربەدەستان لە نیجەر ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتیان لە بیابانی ناوچەی ئاگادیزی باکوری وڵاتەکە لە نزیک سنووری لیبیا 44 کۆچبەری نایاسایی کە ژمارەیەکیان ژن و منداڵ بوون لە تینوێتیدا گیانیان لەدەستدا.
سەرچاوەیەکی ئاسایشی گوتی ئەم کۆچبەرانە لە ئۆتۆمبیلێـکدا بوون و لە ناوەڕاستی بیاباندا ئۆتۆمبیلەکەیان لە کارکەوتووە و لە توینێتیدا گیانیان لەدەستداوە.
ڕیسا فێلتۆ سەرۆکی شارەوانی ئاگادیز هەواڵەکەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس پشـتڕاستکردەوە و گوتی لەشکر توانیویەتی 6 کۆچبەری دیکە ڕزگاربکات کە لە ناوجەرگەی بیابان بوون لە نزیک ناوچەی ئاچێگۆر. بەپـێی سەرچاوەیەک فریاگوزاری پـێنجیان خەڵکی غانان و ئەوی دیکەیان نەیجیریایییە.
جێی ئاماژەیە ناوچەی ئاگادیز بووە بە ناوەندی ئەو قاچاخچیانەی بازرگانی بەو کۆچبەر و کەسانەوە دەکەن کە دەخوازن بەرەو ئەوروپا بڕۆن. ساڵی 2015 نیجەر یاسایەکی زۆر توندی دەرکرد بۆ سزدانی ئەو کەسانەیئەم کارەدەکەن. سزاکەش دەگاتە 30 ساڵ زیندانی. هەرچەندە یاساکە ئەم جۆرە بازرگانیـیە ناشەرعیەی کەم کردەوە، بەڵام هێشتا هەن لەسەری بەردەوامن.
لە سەرەتای مانگی پـێنج 8 کۆچبەر کە پـێنجیان منداڵبوون تەرمەکانیان لە بیابانی نیجەر دۆزرانەوە. دەڵێن هەوڵیان دابوو بەرەو وڵاتی جەزائیر بڕۆن. هەروەها لە ناوەڕاستی مانگی پـێنجیش لەشکری نیجەر توانی 40 کۆچبەری نایاسایی ڕزگاربکات پاش ئەوەی قاچاخچیـیەکەیان لە ناوەڕاستی بیابانی باکوری وڵاتەکە جێی هێشتبوون. کۆچبەرەکان خەڵکی غامبیا و نەیجیریا و غینیا و سینیگال و نیجەر بوون.