نادیە موڕاد خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا

چالاکەوانی مافەکانی مرۆڤ نادیە موڕاد و دێنس مەکوێگی پسپۆڕی نەخۆشی ئافرەتان کە چارەسەری قوربانییانی دەستدرێژی سێکسی دەکات لە کۆنگۆ، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیان بۆ ساڵی 2018 پێبەخشرا.

بەڕێوبەری لیژنەی نۆبڵ بێریت ڕێیس ئاندەرسن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج ڕایگەیاند " نادیە موڕاد و دێنس مەکوێگی خەڵاتی نۆبڵیان پێبەخشراوە بەهۆی ئەو هەوڵانەی کە داویانە بۆ کۆتایی هێنان بە بەکارهێنانی توندوتیژی سێکسی وەکو چەکێکی جەنگ."

وتی " نادیە موڕاد شایەتحاڵێکە کە چیرۆکی ئەو دەستدرێژیانە دەگێڕێتەوە کە بەرامبەری و خەڵکانی دیکە کراون. هەریەکەیان لە ڕێگەی خۆیانەوە زیاتر سەنگیان خستۆتە سەر دەستدرێژی سێکسی لە کاتی جەنگدا."

نادیە موڕاد لە ساڵی 1993 دا لەدایک بووە و کچە چالاکەوانێکی ئێزیدیە، لە دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا ڕێکخراوی داعش دەستی گرت بەسەر شارۆچکەی شنگاڵدا، نادیە موڕاد و ژمارەیەکی زۆری دیکەی کچانی ئێزیدی ڕفێندران. دوای ئەوەی لە هەمان ساڵدا نادیە موڕاد لە دەستی داعش ڕزگاری بوو، چاوی بە ژمارەیەکی زۆر بەرپرس و سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان کەوت و بانگهێشتیش کرا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە ئەنجومەنەکەدا نادیە موڕاد باسی لەو تاوانانە کرد کە ڕێکخراوی داعش ئەنجامیداون لە شنگال. دواتر لە ساڵی 2016 دا حکومەتی عێراق نادیە موڕادی بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی هەڵبژارد.

کاربەدەستانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە دەستبەجێ پـیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی نادیە موراد کرد.