نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دادگاییکردنی بەرپـرسانی لەشکری میانمار دەکات بە تۆمەتی جینۆسایدی ڕۆهینگیاکان

ڕاپـۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت هێزە چەکدارەکانی میانمار خراپـترین تاوانیان بەرامبەر موسڵمانە ڕۆهینگیاکان ئەنجامداوە، بۆیە دەبێت لێکۆڵینەوە لەگەڵ جەنەڕاڵە باڵاکانی ئەو وڵاتە بکرێت و بە تاوانی جینۆساید دادگایی بکرێن.

ڕاپـۆرتەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە لایەن ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکرایەوە و تیایدا نووسراوە ئەو لێکۆڵەرەوانەی لە لایەن ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە مانگی سێی ساڵی 2017 ڕاسپـێردران بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەوشی ڕۆهینگیاکان، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی لەشکری میانمار و هێزی ئاسایشی دیکەی ئەو وڵاتە لە هەرێمەکانی کاچین و ڕاخین و شان بە چەندان شێوە مافەکانی مرۆڤیان پـێشێلکردووە.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکە ئەم هێزانەی سەر بە دەوڵەتی میانمار بەبێ جیاوازی ڕۆهینگیاکانیان بێ‌سەروشوێن کردووە و ئەشکەنجەیان داون و کوشتوویانن و دەسـتدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر ژنانیان و لە منداڵەکانیان داون و گوندیان بە تەواوی سووتاندوون.

دەڵێت هێندە بەڵگە هەن بەسە بۆ ئەوەی گەورە بەرپـرسانی لەشکری میانمار لەسەریان دادگایی بکرێن لە لایەن دادگایەکی تایبەتەوە تاوەکو بڕیار بدرێت ئەوەی لە هەرێمی ڕاخین کردوویانە جینۆسایدە.

لێکۆڵەرەوان لیستێکیان ئامادەکردووە بە ناوی ئەو کاربەدەستانەی بەرپـرسی سەرەکین لە پـێشێلکاریـیەکان، لەوانە جەنەڕاڵ مین ئۆنگ هلاینگ سەرۆکی لەشکر و 5 جەنەڕاڵێکی دیکەی باڵا.

ڕاپـۆرتەکە ڕەخنەی توندیش لە (ئونگ سان سوو کی) سەرۆکی حکومەتی میانمار دەگرێت کە پـۆستەکەی و دەسەڵاتە ئەخلاقیـیەکانی خۆی بەکار نەهێناوە بۆ ڕێگەگرتن لە پـێشێلکاریـیەکانی لە هەرێمی ڕاخین کراون.