33 کۆچبەری دیکە لە نێو دەریای ئیجە خنکان

میدیاکانی تورکیا دەڵێن ئەمڕۆ دووشەممە لە دوو ڕووداوی جودادا بە لایەنی کەم 33 کۆچبەری دیکە لە دەریای ئیجە خنکاون لەو کاتەی هەوڵیان دابوو بە بەلەم لە تورکیاوە بەرەو یۆنان بڕۆن.

بەلەمی یەکەم لە بەرامبەر کەنارەکانی ئەدرەمیتی پارێزگای بالیک‌ئەسیر نوقمی ئاوبووە لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە و بەهۆیەوە 22 کۆچبەر گیانیان لە دەسـتدا.

پاشان هەواڵی نوقمبوونی بەلەمێـکی دیکەش لە نزیک کەنارەکانی ئزمیر ڕاگەیاندرا و لەمەش 11 کۆچبەری دیکە خنکان.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی دۆگان دەڵێت پـێدەچێت کۆچبەرانی نێو هەردوو بەلەمەکە هەوڵیان دابێت بەرەو دورگەی لێسبۆسی یۆنانی بڕۆن.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هەوڵەکانی گەڕان بە دوای قوربانیانی دیکە بەردەوام بووە. بەپـێی قسەی ژمارەیەک لەو کۆچبەرانەی ڕزگاریان بووە هێشتا چەندان کەسیان بێ‌سەروشوێنن. ڕزگاربوویەک بۆ پـۆلیسی کەنارەکانی تورکیای ئاشکراکردووە 40 کەس بوون لە نێو بەلەمەکەدا.