یەکەم ڕۆژنامەوان لە ئەمساڵدا لە مەکسیک دەکوژرێت

ڕۆژنامەوان ڕافائێل موروا مارکیز

کاربەدەستانی مەکسیک ڕایانگەیاند تەرمی ڕۆژنامەوان ڕافائێل موروا مارکیز دۆزراوەتەوە کە بەڕێوەبەری ڕادیۆی کاشانا بوو لە شاری مولیگێ و پـێشتر هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو.

بەپێی ڕاپـۆرتەکانی پـۆلیس تەرمی ئەم ڕۆژنامەوانە لە ناو چاڵێکدا لە شاری سانتا ڕۆسالیا دۆزراوەتەوە کە زیاتر لە 60 کیلۆمەتر لە باکوری شاری مولیگێـیەوە دورە. بەمەش دەبێتە یەکەم ڕۆژنامەوان کە لە ئەمساڵدا لە مەکسیک بکوژرێت.

بەپـێی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، لە پاش ئەفغانستان و سوریا، مەکسیک مەترسیدارترین وڵاتە بۆ کاری ڕۆژنامەگەری.

ئیمانۆئێل کۆلۆمبی سەرۆکی ئۆفیسی پەیامنێرانی بێ سنوور لە ئەمەریکای لاتین دەڵێت دەبێت دەسەڵاتدارانی مەکسیک لێکۆڵینەوەیەکی تەواوبکەن لە بارەی ئەم کوشتنە وە ئەوەش لەبەر چاوبگرن کە زیاتر گومان دەکرێت ڕافائێل مارکیز لەسەر کاری ڕۆژنامەوانیـیەکەی کوژرابێت.

بەپـێی ئامارەکان لەوەتای ساڵی 2000 وە هەتا ئێستا 122 ڕۆژنامەوان لە مەکسیک کوژراون و زۆربەیان کەیسەکانیان پەیوەندی بە لێکۆڵینەوە سەر ماددە هۆشبەرەکان و گەندەڵی سیاسی نێو وڵاتەکەیانەوە هەیە.

جگە لە ڕۆژنامەوانان، لە ماوەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 33 هەزار کەس لە مەکسیک کوژراون، واتە 5 هەزار کەس زیاتر کوژراون بەراورد بە ساڵی 2017 کە 28 هەزار کەس کوژرابوون.