جێگری سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی گۆڕستانی ئەرلنگتنی نیشتمانی کرد بە بۆنەی ڕۆژی یادەوەری Memorial Day کە ڕۆژێکە بۆ یادکردنەوەی ئەو سەربازانەی گیانی خۆیان بەخت کرد لە پـێناو وڵاتەکە و ئەو بەهایانەی ئەمەریکایـیەکان بڕوایان پـێی هەیە.
مایک پـێنس ئەمڕۆ دووشەممە تاجە گوڵینەی دانا لەسەر گۆڕی سمبولی سەربازی ون لە گۆڕستانی ئەرلنگتنی نیشتمانی نزک واشنتنی پایتەخت و گوتی بۆ ئەوان" هەموو ڕۆژێک ڕۆژی یادەوەریـیە."
پاشان ڕووی دەمی کردە کەسوکاری ئەو سەربازانەی گیانی خۆیان بەخت کردووە و گوتی "ئامادەبوونتان جێی شەرەفە بۆم"
جگە لە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ژمارەیەک کاربەدەستی دیکەی باڵا ئامادەی مەراسیمەکە بوون، لەوانە پاتریک شاناهان وەزیری بەرگری بە وەکالەت و جەنەڕاڵ جۆزێف دەنفۆرد سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا.
سەرۆک ترامپ و خانمی یەکەمی ئەمەریکا مەڵانیا ترامپ پـێنجشەممەی ڕابردوو سەردانی گۆڕستانی ئەرلنگتنیان کرد و ئاڵای ئەمەریکایان خستە سەر چەند گۆڕێک، ئەمەش نەریتێکە بۆ دەیان ساڵە پەیڕەودەکرێت.
لە ئێستادا سەرۆک ترامپ بە سەردانێک لە ژاپـۆنە و لە بەرنامەیدایە لەوێ لەسەر کەشتیـیەکی جەنگی ئەمەریکا وتارێک بۆ سەربازانی ئەمەریکایی پـێشکەش بکات.
جێی ئاماژەیە ئەم بۆنەیە وەها دانراوە بکەوێتە دوایـین ڕۆژی دووشەممەی مانگی پـێنجی هەموو ساڵێک. بۆ ئەمساڵی 2019 ، ئەمڕۆ ڕێـکەوتی 27 ی مانگ دەکات. ئەمەریکایـیەکان لەم ڕۆژەدا لە سەرانسەری وڵاتەکە چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، لەوانە ئاڵای ئەمەریکا لەسەر گۆڕی سەربازە گیان فیداکان دەچەقێنرێت.
ڕۆژی یادەوەری سەربازانی گیان فیدا