دادگایەکی لیبیا سزای مەرگی بۆ 45 کەس دەرکرد بە تاوانی کوشتنی خۆپـیشاندەران لە تەرابلوسی پایتەخت لە سەردەمی ڕژێمەکەی موعەممەر قەزافی لە ساڵی 2011.
وەزارەتی دادی لیبیا ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی دادگای دووی پـیاداچوونەوەی تاوانەکان لە تەرابلوس ئەمڕۆ لە دانیشتنێکیدا بە ئامادەبوونی دەستەی پارێزەران و کەسوکاری قوربانییان و تاوانباران حوکمی خۆی لەسەر 128 کەس دەرکرد.
وەزارەتەکە دەڵێت دادگاکە 99 کەسیانی بە تاوانکار ناساند و سزای بۆ دەرکردن، لەوانە 45 کەسیان بە گولـلەباران سزای مەرگ بدرێن، 54 کەسیان 5 ساڵ زیندانی بکرێن، 22 کەسیان بەبێ تاوان دەرچوون، کەسێکیشیان بەر لێبوردنی گشتی کەوتووە و 3 کەسیان کەیسەکانیان جیاکراونەتەوە و 3 کەسی دیکەیان هیچ سزایەکیان بۆ دەرنەچوو بەو پـێـیەی پـێشتر مردوون.
جێی ئاماژەیە کەیسەکە دەگەڕێتەوە بۆ 21 ی مانگی هەشتی ساڵی 2011 کاتێک هەڵمەتی ڕزگارکردنی تەرابلوس لە ڕژێمی قەزافی دەسـتیپـێکرد لە پاش شەش مانگ لە ڕاپەڕینی خەڵکی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکەی. لەو ڕۆژەدا چەکدارانی سەر بە قەزافی لە ناوچەی ئەبو سەلیمی تەرابلوس کەوتنە تەقەکردن لە خۆپـیشاندەران و لە ئاکامدا دەیان کەس کوژران.