عەبدوڵا بۆر کە تۆمەتبار دەکرێت بەتەقەکردن لە خۆپیشاندەرانى رانیە بۆ دەنگى ئەمەریکا دەدوێت

ئەو فەرماندە سەربازیەى کە تۆمەتبار دەکرێت بەکوشتن و بریندارکردنى خۆپیشاندەرانى شارى رانیەى ناوەندى ئیدارەى راپەرین، بۆ دەنگى ئەمەریکا دەدوێت و ئاماژەبەوەدەکات هێزەکەى ئەو تەقەیان لەخۆپیشاندەران نەکردووە.

عەبدوڵا بۆر فەرماندەى پێشووى میحوەرى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین ى پێشمەرگە، کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زۆرترین ناوى هێنراوە و بەتەقەکردن لەخۆپیشاندەران تۆمەتبار کراوە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێستا من بەرپرسى هێزەکانى پێشمەرگە نیم لە راپەرین، کەسێکى ترە، نە خۆم و نەهێزەکەشم نەچووینەتە ناو خۆپیشاندەرانەوە تا تەقە بکەین."

لەخۆپیشاندانەکانى رۆژى سێشەمەى قەزاى رانیەدا، 5 کەس کوژران و ژمارەیەکى زۆر خۆپیشاندەریش برینداربوون، کە برینى 8 لەبریندارەکان سەختە.

عەبدوڵا بۆر، هۆکارى ناوهێنان و تۆمەتبارکردنى بۆ ئەوە دەگێرێتەوە کە ساڵانى رابردوو ئەو سەرپەرشتى ئەو هێزانەى کردووە کە کۆتاییان بەخۆپیشاندانەکان هێناوە، وتى"خەڵک ناومى لە بیر نەچووە، ئەگینا ئەمساڵ من بەرپرسى ئەو هێزە نیم کە تەقەى لە خۆپیشاندەران کردووە."

سەبارەت بەدەنگۆى ئەگەرى هێرشکردنە سەر ماڵیان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، عەبدوڵا بۆر وتى"کەس تائێستا نەهاتۆتە سەر ماڵەکەم، گەر هاتن ئەو کات بریار دەدەم هەڵوێستم چۆن دەبێت."

قەزاى رانیە لەخۆپیشاندانەکانى رۆژى سێشەمەدا زۆرترین گرژى و ئاڵۆزى بەخۆوە بینى، بەجۆرێک بارەگاکانى یەکێتى و پارتى سوتێنران و نزیکەى 100 خۆپیشاندەریش بریندار بوون.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ عەبدوڵڵا بۆر