كەسوكارى پێشمەرگە دیلەكانى لاى داعش ، داوا لە ئەمەریكا و هێزەكانى هاوپەیمانان دەكەن ئۆپەراسیۆنى تایبەت بۆ رزگاركردنى پێشمەرگەكان ئەنجام بدەن و ، سەرۆك عەشیرەتێكى عەرەبیش دەڵێت شكستیان هێناوە لە هەوڵەكانیان بۆ ئازادكردنى دیلەكان.
تاریق رەفیق باوكى یەكێك لەو پێشمەرگانەى كە لاى داعشە ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"هیچ ئومێدێكمان نەماوە بەوەى جارێكى تر كورەكانمان ببینینەوە ، چونكە داعش دیل ئازاد ناكات و دەیانكوژێت."
ژمارەى ئەو پێشمەرگە دیلانەى كە لەمەكتەب خالیدى نزیك شارى كەركوك لەكۆتایى ساڵى 2014 دەستگیركران 17 پێشمەرگەبوو ، بەڵام ئێستا تەنها 6 پێشمەرگەیان لە ژیان دا ماون و ئەوانیتر لەلایەن داعشەوە سەربردران.
دوا پێشمەرگەى دیل كە لەلایەن داعشەوە سەربردرا ناوى فاخر عاسى ئەحمەد بوو ، كە لەلایەن داعشێكى كوردى رۆژهەڵاتى كوردستانەوە بەناوى محەمەد ستار سەربردرا.
یەعقوب لهێبى سەرۆك عەشیرەتى لهێب كەپێشتر لەگەڵ داعش سەرقاڵى گفتووگۆ بوو بۆ ئازاد كردنى پێشمەرگە دیلەكان ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"لەناو داعش كەس بە كەس نیە و بەرپرسێكى قسە رۆیشتوو بوونى نیە تا دانوستانى لەگەڵ بكرێت ، بۆیە هەوڵەكانمان شكستى هێنا."
جگە لەو 6 پێشمەرگەى كە لاى داعش ماون ، لە رۆژى 12 ى ئەم مانگە داعش سێ گەنجى ترى كوردى بەنێو حەویجەدا سوراندبوویەوە ، كە سەرەتاى مانگى رابردوو لە ناوچەى نەداى باشورى خانەقین دەستگیرى كردبوون.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر