وەزارەتی بەرگری کۆریای باشور دەڵێت وڵاتەکەی لەگەڵ کۆریای باکور و فەرماندەیەتی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکەوتوون لەسەر کشانەوەی چەک و نەهێشتنی خاڵەکانی پاسەوانی لە نزیک گوندی پانمونجۆمی سەر سنووری هەردوو وڵات لەم هەفتەیەدا.
وەزارەتەکە ڕایگەیاند هەرسێ لایەن ئەمڕۆ دووشەممە لە خولی دووەمی وتووێژەکانیان لە پانمونجۆم ڕێکەوتن کە هەتا ڕۆژی پـێنجشەممە چەک و خاڵەکانی پاسەوانی لەو ناوچەیە لابەرن، ئەمەش بەپـێی ئەو ڕێکەوتنەی هەردوو کۆریا لە مانگی ڕابردوو لە پـیۆنگیانگ پـێیگەیشتن.
هەردوو کۆریا بەنیازن هەتا کۆتایی ئەمساڵ 11 خاڵی پاسەوانی لە ڕووبەری بازنەیەکدا نەهێڵن کە تیرەکەی 2 کیلۆمەترە. هەروەها ژمارەی سەربازەکان کەمبکرێنەوە بۆ 35 سەرباز لە هەر لایەک و چەک لەو ناوچەیە نەهێڵن.
فەرماندەیەتی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی گوتی پشتیوانی لە هەوڵەکانی هەردوو کۆریا دەکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە لەشکریـیەکە. فەرماندەیەتیـیەکە کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات سەرپەرشتی کاروبارەکانی ئەو ناوچەیە دەکات، لەوەتای لە ساڵی 1953 وە شەڕ لە نێوان هەردوو کۆریا وەستاوە.
ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدا ئەمەریکا نیگەرانە لەوەی دەستپێشخەریـیە لەشکریـیەکانی نێوان هەردوو کۆریا ئامادەکاریـیە بەرگریـیەکان کەمبکەنەوە لەم کاتەی هیچ بەرەوپـێشچوونێکی گەورە بەدەست نەهاتووە لە داماڵینی چەکی ناوکی کۆریای باکور.