ئاژانسی هەواڵی کۆریای باکور: کاربەدەستێکی پـێشووی پەرەپـێدانی چەکی وڵاتەکە کۆچی دوایی کرد

ئاژانسی دەنگ‌وباسی کۆریای باکور دەڵێت کاربەدەستێکی پـێشووی وڵاتەکەی کە بەرپـرس بووە لە پەرەپـێدانی هەردوو بەرنامەی ناوکی و موشەکی پـێۆنگ‌یانگ بەهۆی نەخۆشیـیەوە گیانی لەدەست‌دا.

ئاژانسەکە ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند جو کیو چانگ بەهۆی نەخۆشی پانسیتۆپنیای خوێنەوە دوێنێ دووشەممە لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئاژانسەکە گوتیشی ئەم پـرۆفیسۆرە ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە بەهێزکردنی توانا بەرگریـیەکانی وڵاتەکەی.

جێی ئاماژەیە ناوبراو لەگەڵ چەند بەرپـرسێکی دیکەی کۆریای باکور لە ساڵی 2013 لە لایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە سزایان بەسەردا سەپـێندرا لەسەر ئەو ڕۆڵەی بینویانە لە پەرەپـێدانی بەرنامە ناوکیـیەکەی پـیۆنگ‌یانگ.

ئاژانسی یونهاپی کۆریای باشور دەڵێت لە ساڵی 2009 ، جو کیو چانگ لەگەڵ کیم جۆنگ ئیل ڕێبەری پـێشووی کۆریا سەرپەرشتی هەڵدانی موشەکی جۆری "ئونها 2 " ی کردبوو. هەروەها لە ساڵی 2012 ڕۆڵی هەبووە لە پەرەپـێدانی موشەکی جۆری "یونها3" ، پاشان لە ساڵی 2015 خانەنشین بووە.