کۆریای باکور حوکمی لە سێدارەدانی بۆ سەرۆکی پـێشووی کۆریای باشور دەرکرد بە تۆمەتی هەوڵی کوشتنی ڕێبەری وڵاتەکەیان.
ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی کۆریای باکور ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند" زانیاریـیەکان نیشانیان داوە پاک جۆن های لە ساڵی 2015 پـیلانی بۆ کوشتنی ڕێبەرایەتی باڵای کۆریای باکور دانابوو ، بۆیە پـیۆنگیانگ بڕیاری حوکمی لەسێدارەدانی بۆ خائین پاک جۆن های دەرکردووە."
پاشان هەڕەشەی لە ئەمەریکا و کۆریای باشور کرد، ئەگەربێت و هەوڵ بدەن سەرکردایەتی باڵای وڵاتەکەیان بکەنە ئامانج، ئەوا بەبێ ئاگادارکردنەوە بە خێرایی سزای خۆیان جێبەجێ دەکەن. بەڵام نەیگوت سزاکان چین.
هەروەها ئاژانسەکە گوتی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری کۆریای باشوریش دەستی لە پـیلانەکدا هەبووە و ئەویش هەمان سزای بۆ دەرکراوە.
ئاژانسەکە باسی لە سەرچاوەی زانیاریـیەکان نەکرد، بەڵام ڕۆژنامەیەکی ژاپـۆنی لەم هەفتەیەدا بڵاویکردەوە خانم پاک دانی ناوە بەوەی لە ساڵی 2015 پـلانی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی کۆریای باکور دانابوو. بەڵام دەزگای هەواڵگری کۆریای باشور ڕەتیکردەوە هەوڵێـکی لەو جۆرە درابێت و گوتی ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیـیە.