ئەمڕۆ سێشەممە، دانیشتوانە کوردەکەى قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین، لە ساڵیادى روداوەکانى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوودا، دوکان و بازارەکانیان داخست و لە ماڵەکانیان نەهاتنە دەرەوە.
کاروان محەمەد یەکێک لەدانیشتوانى خورماتو، ئاماژەى بەوەکرد دوکاندارە کوردەکان خۆیان بازاڕ و دوکانەکانیان داخستوە، ئەگینا هیچ حیزب و رێکخراوێک داواى هەڵوێست وەرگرتنى لێنەکردون.
بەپێى وتەى ئەو هاوڵاتیەى دانیشتوى خورماتو، کوردەکانى خورماتو نیگەرانن لەهێرشکردنە سەریان لەلایەن حەشدى شەعبى و ئاوارەبوونیان لەرۆژى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو، وتى"بەتایبەت لەو رۆژەدا جگە لە کوژرانى ژمارەیەک هاوڵاتى، بەهەزاران خێزان ئاوارە بوون و دواتر ماڵ و حاڵیان سوتێنراو تەقێنرایەوە."
لەماوەى چەند ساڵى رابردوودا، چەندین شەڕى خوێناوى لەنێوان کورد و تورکمانە شیعەکانى خورماتودا ڕوویدا، بۆیە هێزەکانى حەشدى تورکمانى ، 16 ى ئۆکتۆبەریان بەهەل زانى و سەدان ماڵە کوردیان لەو قەزایە سوتاند و تەقاندەوە.
ئارام جاسم کە چالاکوانێکى مەدەنیە لەخورماتو، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەمڕۆ هێزە شیعیە تورکمانەکان چاودێرى هەڵوێست وەرگرتنى دوکاندارە کوردەکانیان کردووە، بەڵام ئەمنیەتى گەڕەکە کوردیەکان لەژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى وەڵامدانەوەى خێرایەو هیچیان پێنەکراوە."
وتیشى"هەڵوێستى دانیشتوانى خورماتو، بۆ دەربڕینى نیگەرانى بوو بەرانبەر جێهێشتنیان لەلایەن پێشمەرگەوە بەبێ ئەوەى ئاگاداربکرێنەوە، لەگەڵ سوتاندن و تەقاندنەوە و کوشت و بڕکردنیانەوە بوو لەلایەن حەشدەوە."
رۆژى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو، تەواوى دانیشتوانە کوردەکەى خورماتو ئاوارەبوون، نزیکەى 11 کورد کوژران و 20 ى تریش برینداربوون، ژمارەیەکى زۆریش بەدیل کەوتنە دەست هێزە شیعیەکان.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر