لە ساڵیادی کوژرانی جەمال خاشقچی مەراسیمێک لە بەرامبەر کونسوڵخانەی سعودیـیە لە ئستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت

یەکەم ساڵیادی کوژرانی جەمال خاشقچی نووسەری و ڕۆژنامەوانی سعودی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەرامبەر کونسوڵخانەی عەرەبستانی سعودیـیە لە ئستەنبوڵ بەڕێوەچوو.

خاشقچی کە ڕەخنەگرێکی توندی دەسەڵاتی پاشایەتی عەرەبستانی سعودیـیە بوو، لە ساڵی 2017 وڵاتەکەی جێهێشت و کەوتە نووسین لە دژی حکومەتی شانشینی سعودیـیە، بە تایبەتی لە ڕۆژنامەی واشنتن پـۆست.

لە مەراسیمەکە خەدیجە جەنکیز، ئەوەی دەستگیرانی خاشڤچی بوو، پەردەی لەسەر مۆنۆمێنتک لابرد بۆ یادکردنەوەی خاشقچی لە بەرامبەر کونسوڵخانەی سعودیـیە دانراوە.

خەدیجە گوتی " پاش خراپترین ساڵی ژیانم لێرە بە دڵشکاو دەوستم، بەڵام بە سەربەرزیـیەوە."

گوتیشی دەیەوێت بزانێت چی لە تەرمەکەی خاشقچی کراوە.

جێف بێزۆس خاوەنی ڕۆژنامەی واشنتن پـۆست و دامەزرێنەری ماڵپەڕی ئامازۆن کە ئامادەی مەراسیمەکە بوو، لە وتارەکەی ڕووی دەمی کردە خەدیجە و گوتی "ئێمە لێرە لەگەڵتاین و تۆ لە دڵماندایت."

مەسەلەی خاشقچی کاریگەری زۆر خراپی هەبوو بەسەر پەیوەندیـیەکانی نێوان عەرەبستانی سعودی و وڵاتانی ڕۆژئاوا.

سعودیـیە لای خۆیەوە دەڵێت 11 کەسی لەسەر تاوانی کوشتنی خاشقچی دەستگیرکردووە و 5 لەوانە بەپێی چەند ماددەیەکی یاسایی تۆمەتبارکراون کە سزاکانیان دەگاتە سزای مەرگ.

بەڵام ئەندرۆ گاردنەر لە ڕێکخراوی ئەمنستی داوایکرد نەتەوە یەکگرتووەکان لێکۆڵینەوەکان ئەنجام بدات. گوتیشی ئەو دادگاییکردنەی لە سعودیـیە بۆ ئەم کەیسە بەڕێوەدەچێت تەنیا قسەیە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، جەمال خاشقچی و خەدیجە دەچن بۆ کونسوڵخانەی سعودیـیە لە ئستەنبوڵ بۆ جێبەجێکردنی کارە فەرمیـیەکانی هاوسەرگیریـیەکەی. خەدیجە بۆ چەند کاتژمێرێک لە دەرەوەی کونسوڵخانەکە چاوڕێی دەکات، بەڵام ئیدی خاشقچی نەهاتەوە دەرێ.