وردەکارى هێرشەکەى شەوى ڕابردووى داعش بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە

شەوى سێشەممە لەسەر چوارشەممە، چەکدارەکانى داعش لە چەند قۆڵێکەوە هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە، لە ناوچەى زەرگەى نزیک قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین و پاش شەرێکى دوو کاتژمێرى هێرشەکەى داعش تێکشکێنرا.

عەقید لوقمان مەحمود جێگرى لیواى 5 ى هێزى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش لەهەموو قۆڵەکانەوە پەلامارى رەبیەکانى پێشمەرگەیان داوە ، بەڵام پێشمەرگە بەتوندى رووبەروویان بونەتەوە."

وتیشى"لەئەنجامى شەڕەکە پێشمەرگەیەک گیانى لەدەستداوە و 3 پێشمەرگەى تریش برینداربوون ، هەروەها خوێنى چەکدارانى داعشیش لەناوچەکە رژاوە کەدیارە کوژراو و برینداریان هەبووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە."

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، هێرشەکەى شەوى رابردووى داعش بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە هێرشێکى بەربڵاو بووە و لەسەرەتاى شەڕەکەدا دوو رەبیەى پێشمەرگەیان کۆنترۆڵکردووە ، بەڵام دواتر فرۆکەکانى هاوپەیمانان بۆردومانیان کردوون و ئۆتۆمبێلە بۆمب رێژکراوەکانیان تەقاندونەتەوە.

عەبدوڵا بۆر فەرماندەى میحوەرى خورماتوى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"شەوى رابردوو داعش جم و جۆڵى زۆربوو ، بۆیە پەیوەندیمان بەفرۆکەکانى هاوپەیمانانەوە کرد و بۆردومانیان کردن."

ناوچەى زەرگەى نزیک قەزاى خورماتو کە زنجیرە چیاى حجەمرین بەتەنیشتیدا شۆڕ دەبێتەوە ، بووەتە پێگەى چەکدارانى داعش و لەو ناوچەیەوە هاتوچۆى نێوان حەویجە و دیالە دەکەن.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر