لە ئەنجامی لافاو لە ئوردن 20 کەس گیانیان لەدەست دەدەن

کاربەدەستانی ئوردن دەڵێن بەهۆی ئەو لافاوەی دوێنێ پـێنجشەممە ناوچەی دەریای مردووی وڵاتەکەیانی گرتەوە، 20 کەس گیانیان لەدەستداوە و 35 کەسی دیکە برینداربوون.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی ئوردن ئەمڕۆ هەینی دوایـین ئاماری قوربانیانی ئاکامی لافاوەکەی ڕاگەیاند و گوتی هێشتا ژمارەیەک کەس بێ‌سەروشوێنن.

گوتیشی زۆربەی قوربانیـیەکان خوێندکارانی خوێندنگەیەک بوون کە بە پاسێک بۆ گەشتکردن برابوون بۆ ناوچەکە. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دەڵێن تەنیا توانیویانە 25 کەسیان ڕزگاربکەن لە کۆی 44 کەس کە 37یان خوێندکاربوون و 7 کەسەکەی دیکەیان مامۆستا و کەسوکاری خوێندکارەکان بوون.

هەروەها بەڕێوەبەراتی بەرگری شارستانی ڕایگەیاند لە نێو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە 3 کەسی عێراقی هەن کە دووانیان لە خوێندکارەکانن و ئەوی دیکەیان کچێکی تەمەن 20 ساڵە و پـێدەچێت لەگەڵیاندا بووبێت. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هیچ گەشتیارێکی بیانی زیانی پـێنەگەیشتووە.

جگە لە زیانە گیانیـیەکان، زیانێکی زۆریش بەر شوێنە گشتیـیەکان کەوتوون، لەوانە جادە و پـردەکانی ئەو ناوچەیە کە بە یەکێک لە نزمترین وشکایـیەکانی جیهان دەناسرێت.

لەشکری ئیسرائیل لای خۆیەوە ڕایگەیاند لەسەر داوای حکومەتی ئوردن بە هانای خەڵکەکەوە چووە و سەرەڕای خراپی کەش‌وهەوا یارمەتیان داوە لە دۆزینەوەی بێ‌سەروشوێنەکان.

شا عەبدوڵڵا پاشای ئوردن لە ڕێگەی تویتەرەکەی نووسیویەتی بە هێندەی ئەوەی بە داخە بۆ قوربانیـیەکان، توڕەیە لە هەر کەسێک کەموکوڕی کردبێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پـێویست بۆ ڕێگەگرتن لەم ڕووداوە دڵتەزێنە.

دیوانی پاشایەتی ئوردن سەرەخۆشی لە ئوردنیـیەکان کرد و بۆ ماوەی 3 ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە وڵاتەکە ڕاگەیاند. هاوکات ڕێبەری ژمارەیەک وڵات پەیوەندی تەلەفۆنیـیان لەگەڵ شا عەبدوڵڵا کردووە و سەرەخۆشیان لێکردووە.