وەزیری دادی ئەمەریکا دەست لەکاردەکێشێتەوە

جێف سێشنس دەستبەرداری پـۆستەکەی بوو وەک وەزیری دادی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سەرۆک ترامپ دەستبەجێ کەسێکی بە شێوەیەکی کاتی بۆ شوێنەکەی دەسـتنیشانکردووە.

پاش نێوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە جێف سێشنس نامەی دەست لەکارکێشانەوەکەی داوەتە کۆشکی سپـی، ئەمەش پاش ئەوەی پـێشتر هەر ئەمڕۆ سەرۆک ترامپ داوای لێکردبوو دەست لەکاربکێشێتەوە.

سەرۆک ترامپ لای خۆیەوە لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"بە خۆشحاڵیـیەوە ڕایدەگەیەنین ماثیۆ گ. ویتەیکەر، گەورە فەرمانبەرانی جێف سێشنس لە وەزارەتی داد دەبێتە وەزیری نوێی دادی ئەمەریکا بە وەکالەت. بە باشی خزمەتی وڵاتەکەمان دەکات. سوپاسی جێف سێشنس وەزیری داد دەکەین بۆ خزمەتەکانی، وە هیوای باشی بۆ دەخوازین! دوایی کەسێک دەستنیشان دەکەن بە بەردەوامی پـۆستەکە بگرێتەدەست."

جێی ئاماژەیە سەرۆک ترامپ ڕەخنەی زۆری هەبوو لە جێف سێشنس لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وەزارەتی داد. پـێشتر لە مانگی هەشت لە چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز گوتی جێف سێشنس هەرگیز نەیتوانیوە وەزارەتی داد کۆنترۆڵبکات.

بەڵام سێشنس ئەم تۆمەتەی سەرۆک ترامپی ڕەتکردووەتەوە. هەروەها لە نامەی دەست لەکارکێشانەوەکەی نووسیویەتی" ئەوەی لە هەمووی گرنگترە لەو کاتەی وەک وەزیری داد کارمکردووە سەروەریمان بۆ یاسا گەڕاندەوە و پەیڕومانکرد."