لە ژاپـۆن کەسێـک بە چەقۆ 19 کەسی خاوەن پـێداویستی تایبەت دەکوژێت

کەسێـک بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر سەنتەرێـکی تایبەت بە کەسانی خاوەن پـێداویستی تایبەت لە نزیک تۆکیۆی پایتەختی ژاپـۆن و لە ئاکامدا 19 کەس کوژراون و 25 کەسیش برینداربوون.

کاربەدەسـتان دەڵێن کەسە کە بۆخۆی پـێشتر کارمەندی شوێنەکە بووە بەرەبەیانی سێشەممە خۆی کردووە بە ناو سەنتەرەکە کە لە ناوچەی ساگامیهارایە و دەکەوێتە دوری 40 کیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژئاوای تۆکیۆ. پاشان بە چەقۆ کەوتووەتە سەر ئەو خەڵکە ئفلیجە، دواتر خۆی ڕادەسـتی پـۆلیس کردووە.

بەپـێی میدیاکان قوربانیـیەکان تەمەنیان لە نێوان 19 بۆ 70 سـاڵە و کوژراوەکان بریتین لە 10 ژن و 9 پـیاو. 20 لە بریندارەکانیش برینەکانیان مەترسیدارە.

دەڵێن هێرشبەرەکە پـێشتر داوای کردبوو کۆتایی بە ژیانی ئەو خەڵکە ئفلیجە بهێنرێت هەتا چیتر بە دەست ئازارەوە نەناڵێنن، بەڵام ڕاپـۆرتیش هەن دەڵێن پـێدەچێت لە تۆڵەی دەرکردنی بووبێت لە کارەکەی. پـۆلیس ڕایگەیاند لێکۆڵینەوە دەکات تاوەکو بزانن هۆکاری ڕاستەقینەی هێرشەکە چیـیە.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی NTV ی ژاپـۆنی دەڵێت کەسەکە لە مانگی دوو نامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمان کردبوو و تیایدا داوای کردبوو ڕێگە بدرێت کەسانی ئفلیج کۆتایی بە ژیانیان بهێنن.