سەرۆک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت ئێران کار بۆ دروستکردنی موشەک لە سوریا و لوبناندا دەکات

سەرۆک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت ئێران شوێن لە سوریا و لوبنان دادەمەزرێنێت بۆ دروستکردنی موشەکی ئاڕاستەکراو، ئەمەش بە ئامانجی بەکارهێنانی لە دژی ئیسرائیل.

ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆرشەلیم، بنیامین نەتەنیاهو ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئێران سەرقاڵە بەوەی سوریا بکاتە بنکەیەکی لەشکری، وە دەیەوێت سوریا و لوبنان بکاتە بەرەی پـێشەوەی بۆ ئامانجە ئاشکراکەی کە ئەویش لە ناوبردنی ئیسرائیلە.

گوتیشی ئەمانە شتێـک نین ئیسرائیل قبوڵیان بکات و دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکانیش قبوڵیان نەکات.

پاشان ڕەخنەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بێ دەنگە لە ئاست بە قاچاخبردنی دەیان هەزار پارچە چەک لە سوریاوە بۆ لوبنان و حزبوڵڵا.

پـێشتر کەناڵێـکی تەلەفیزیۆنی ئیسرائیل گوتی وێنەی سەتەلایەت نیشانی دەدەن ئێران سەرقاڵی دامەزراندنی شوێنە بۆ دروستکردنی موشەکی مەودا دور لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئێران هیچ لێدوانێـکی فەرمی لەم بارەیەوە نەداوە.

جێی ئاماژەیە چوارشەممەی ڕابردوو بنیامین نەتەنیاهو لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا لە شاری سوچی گوتی ئیسرائیل ئامادەیە بە تەنها خۆی کاربکات بۆ ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی توانا لەشکریـیەکانی ئێران لە سوریا.

Your browser doesn’t support HTML5

لێدوانی سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لە بارەی ئێران و حزبوڵڵا و سوریا