سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ستایشی سەرۆکی بەڕازیلی کرد بۆ خواستی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە شاری تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیمی پایتەخت.
بەنجامین نەتەنیاهو ئەمڕۆ هەینی لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" پـیرۆزبایی لە هاوڕێم سەرۆکی بەڕازیل ژایر بۆلسۆنارۆ دەکەم بۆ ئەو نیازەی هەیەتی بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی بەڕازیل بۆ ئۆرشەلیم، هەنگاوێکی مێژوویی، ڕاستی دڵخۆشکەرە!"
ڕۆژی پـێنجشەممە سەرۆکی بەڕازیل لەسەر تویتەرەکەی نووسی" وەک ئەوەی لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەماندا ئاماژەمانپـێکرد بەنیازین باڵیۆزخانەی بەڕازیل لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم بگوێزینەوە. ئیسرائیل دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری خۆیەتی و دەبێت وەک ئەوەی پـێویستە ڕێز لەوە بگرین."
هەرچەندە ئەم ڕاگەیاندنەی سەرۆکی بەڕازیل بۆ ئیسرائیل جێی خۆشحاڵی بوو، بەڵام بووە جێی نیگەرانی ژمارەیەک لە میدیاکانی بەڕازیل، بەو پـێـیەی وڵاتانی عەرەبی بەشێکی سەرەکین لەو وڵاتانەی گۆشت لە بەڕازیل هاوردە دەکەن. دەڵێن ڕەنگە ئەم هەنگاوە وەها لە بەشێک لە وڵاتانی عەرەب بکات تۆڵەیان لێبکەنەوە.
جێی ئاماژەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە 14 ی مانگی پـێنجی ئەمساڵەوە باڵیۆزخانەی خۆی بۆ ئۆرشەلیم گواستەوە. هەرچەندە ناڕەزایی ژمارەیەک وڵاتی لێکەوتەوە، بەڵام هیچ کامیان بڕیارێکی لە دژی ئەمەریکا نەداوە.